نمـــــــــــاو ڕەخنەی سیـــــــــــــــــاسی
نمـــــــــــاو ڕەخنەی سیـــــــــــــــــاسی

شەیری بکە

نوسینى : عومه‌ر خه‌تات نازانم کە باوکی نمــا لەسەرچی دەستگیرکرا، ڕەنگە ئەوە زۆر جێگەی باسی من نەبێت. ئەوەی کە مەبەستی منە لەم باسە کورتەدا پەیوەندی بە پەیام و ڕەخنە سیاسیەکانی “نمــا”وە هەیە وەك مناڵێك، پاشان ئەو باسە سیاسییەی کە ئایا دەکرێت ئێمە گەورەکان مناڵ بەکاربهێنین بۆ دانی پەیام و ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟ هەندێك لە ڕەخنەی لیبراڵیـــانەی خاڵی لەهەر مەنتیقێك لێرەولەوێ دەبینم کە داوا لە دەسەڵات دەکەن کە دەبوایە زۆر پێشتر باوکی نمایان دەسگیر بکردایە! چونکە کچە منداڵەکەی بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و کۆمەڵگە بەکارهێناوە و ئەمەش پێشێڵکردنی مافەکانی منداڵە و دەبێت لێپرسینـــەوەی لەگەڵ بکرێت! چ مافێك، ئەو مافانەش لەبەرامبەر پێویستییەکانی کۆمەڵگا و دادپەروەری و ژیانێکی باشتردا هەمیشە لە ژێر پرسیاردان. مناڵ هەروەکو گەورە ئینسانێکی کامڵە و ئەوە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگە و سیستەمی سیاسیە کە هەمووان بە مناڵیشەوە بەهرەمەند بن لە تەواوی مافە ئینسانیەکانی خۆیـــان. بە بەشداری پرسی گشتیشەوە کە بەشێکە لە سیاسەت. چۆن بانگەوازکردن بۆ قەدەغەکردنی کاری مناڵان دەبێتە بانگەوازێکی کاریکاتۆری لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بەهەمان شــــــــێوە بانگەوازی دوورخستنەوەی مناڵان لە سیاسەت دەبێتە دیسکۆرسێکی کاریکاتێری. سیاسەت و بەشداریکردن لە ڕەخنەی سیاسی لە سیستەم و بێدادییەکانی سیستەم کارێکی حیرفەیی سیاسی نییە و هەموان دەتوانن و مافیــــــــــان هەیە ئەم بەشدارییە بکەن. بەشداریکردنی سیاسیانە تابوویەك نییە قەدەغەبکرێت لە مناڵان بەتایبەتی لە ئێستای دنیـــــــای ئینفۆرماتیکدا. ئێمە ناتوانین مناڵەکانمان بەدووربگرین لە بارگاوی بوون بە ڕووداوە سیاسیەکانەوە، ئەگەر لەسەر جادە پێی نەگات ئەوا لە پەنجەرەوە بۆی دێتە ژوورەوە، لە ڕێی ئینتەرێتەوە خۆی دەخاتە بەردەستی، ئینتەرنێت لە ئێستادا تەواوی دیوارەکانی ڕوخاندوە لەسەر گۆی زەوی، مناڵ بەشێكە لەم جیهانە و ناتوانرێت کاریگەری ڕوداوە سیاسیەکانی لەسەر کەمبکرێتەوە. بانگەواز بۆ دوورخستنەوەی مناڵان لە کاری سیاسی، بانگەوازی سیستەم ودەسەڵاتی سیاسیە و مەبەست لێی دروستکردنی نەوەیەکی پاسیڤی سیاسییە کە تەنها خولیاکانی لە جل وبەرگ و تەواوکردنی خوێندن و پەرەدانە بە مونافەسەکردنی فەردی بۆ گەیشتن بە چارەنووسێكی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە دەسەڵات نەخشەی بۆ کێشاوە. دەسەڵات و سیستەمی سیاسی کە لەسەر بنەمای پەروەردەی سیاسیانە و لیبڕاڵیانە بنیاتنراوە نەسیحەتمان دەکەن مناڵەکانمان بەدووربگرین لەسیاسیەت و ئەفکاری خۆمانیان بەسەردا فەرز نەکەین بەڵام خۆی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە هەمان ئەو کارە دەکات کە داوا لە ئێمە دەکات کە نەیکەین. مناڵ لە سیستەمی پەروەدەی ئێستادا تێردەکرێت بە بیروباوەڕی ئاینیی و تەنانەت فاشیســـتانەش، خۆپەرستی، کێبڕکێی فەردیـــانە و خۆویستی. قوتابخانە شوێنێکە بۆ پەیڕەوکردنی دەسەڵات، قوتابی لەم سیستەمەدا بێهێــــــــــزترین کاراکتەرە کە زۆربەی وەخت دادەنیشێت و لەلایەن کەسێکی پیادەکەری سیستەمەوە بڕیاری بەسەردا دەدرێت. کۆمیدیــــــــــا ئەوەیە هەموو ئەو کەسانەی کە بانگەوازی دوورخستنەوەی مناڵ دەکەن لە کاری سیاسی یەك وشەیەکیشیان نییە لەسەر ئەوەی کە بۆچی مناڵەکانیان هەر لەسەرەتای خوێندنەوە ئایدیۆلۆجیــــــای دینی و قەومی بەسەریاندا فەرز دەکرێت و هەر بەو بچوکییە بە ئاگری جەهەنەم و عەزابی قەبر دەیانترسێنن! پێـــــــــــــــناسەی ئەرستۆ بۆ ئینسان ئەوەیە کە “ئینسان بوونەوەرێکی سیاسیە”! حەتمەن ئارگومەنتی ئەرستۆ بۆ ئەو دێڕەی سەروە دوو شتە، یەکەمیــان: کە ئینســــــــان تواناییەکی خۆرسکی هەیە بۆ هەستکردن بە چاکە و خراپە، بەرابەری و چەوسانەوە، دووەمیــــــان: کە ئینسان هەر لە منداڵیەوە توانای ئاژیتاتۆریی هەیە واتە “وتاربێژی”. ئەم دوو تواناییەی ئینسان ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەستنی پەیوەندیەکان لەگەڵ یەکتر لە ماڵ، لە دەرەوە هەروەها لە ناو سیستەمی دەوڵەتدا. نما لە نەبوونی ڕەخنەی ڕادیکاڵانە بۆ سیستەم دەبێــــــــتە ڕەخنەگرێکی بەناوبانگ و شێلگیر، ئەوەی کە ڕەخنە و پەیامەکانی نمـــــــا دەگاتە گوێی کۆمەڵگە هونەرێکە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ توانا و بەهرەی نمـــــــــا خۆی، بەشەکەی تری بۆ بەکارهێنانیەتی بۆ وەسیلەیەکی کارا کە ئەویش سۆسیــــــــال میدیایە. لەلایەکی ترەوە گەر بەوردی و چاوێکی ڕەخنەگرانەی زانستییەوە لە ئەداء و بەشدارییەکانی نما بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە بەشی هەرەزۆری تواناییەکان توانایی بونیادنراوی نما خۆیەتی نەك گەورەیەك وەك کەرەستە بەکاری بهێنێت. ئەمە بەدەر نییە لە هەبوونی پەروەردەکارێکی دروست بۆ بەگەڕخستنی تواناییەکانی نما و بەدیاریکراوی تواناییە سیاسییەکانی. نما ئەگەر گۆرانیبێژێکی دەنگخۆش بوایە و باوکی ئاواز دانەرێك، ئایا لە دەرکردنی ئەلبومەکانیدا باوکی هەمان سزای بەسەردا دەدرا بەو بیانوەی منداڵ لە کارکردندا بەگەڕ دەخات؟ بێگومان نەخێر. ئەمە ئەو دوالیزم و دژابەرییە ناکۆکەیە کە ئێمە لە سیستەمیدا دەبینینەوە لە بری ئەوەی ڕێی دروست بدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنی، هەڵدەستین بە پشتیوانی سیستەمێك کە هەر خۆی هۆکارە بۆ ستەمکردن لە نماکان. نما نمونەی پۆزەتیڤی بەشداریکردنی سیاسیانەیە لە ڕوداوەکانی کۆمەڵگەدا، رەخنە و پەیامەکانی نمــــــــا تەمرینێکی سیاسیە و لە پاشەڕۆژدا دەتوانێت ببێــــتە کارەکتەرێکی سیاسی بەرهەڵستکار لە سیستەم و ناعەدالەتی. بەڵێ ئێمە منداڵ و ڕۆڵەی بەناو سەرکردە سیاسییەکانی هەمان کۆمەڵگا دەبینین چۆن لەسەرەتاکانی تەمەنیانەوە پەراوەی حوکمڕانیان پێ دەکرێت، دەبینین چۆن زەج دەکرێن لە پرۆسەکانی گەندەڵیدا. بێگومان ڕۆژنامەنووسی بوێر و ئازاش ئەبێت ڕێخۆشکەربێت بۆپەروەردەکردنی ڕۆڵەکەی ئەگەر تواناییەکی ئەرێنی تێدا بەدیکرد. http://www.hawpshti.com/ku/?p=20665

16
سێ شەممە 7 ‌حوزەیران 2021
بابەتی پەیوەندیدار :
دیداری ڕۆژنامەوانی

نوێترین بابەتاکان

نوێترین بابەتەکانی نما نەریمان ببینە

ئێستە بەرنامەی نما داگرە

ئاگاداری نوێترین هەواڵ و زانیارییەکان بە لە لایەن نما نەریمان

ئێستە بەرنامەی نما داگرە

ئاگاداری نوێترین هەواڵ و زانیارییەکان بە لە لایەن نما نەریمان





Designed & Created by Mode Developers

Nma Nariman © 2021 All Rights Reserved