ئایا ئەوەی نما دەیکات هەڵەیە؟

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە نەریمان صابر دەگیرێت، دەڵێن نمای کچی لە منداڵیەوە توشی دنیای سیاسەت کردووە. نەیهێشتووە منداڵی خۆی بژیت. واتا ژیانی منداڵی کچەکەی دزیوە و کردویەتیە سیاسی

من هاوڕای ئەو بۆچونە نیم. بۆ؟ 

وەڵامی ئەو بۆیە بە دوو خاڵ و ئاراستەی جیاواز دەدەمەوە

یەکەم/ ئەوانەی ئەو بۆچونەیان هەیە، بە ئەگەری زۆر توشی هەڵەی Availability Bias دەبن، چونکە هەموو ژیانی نمە ئاگادار نین، چوزانن کە ژیانی رۆژانە و منداڵانەی چۆن بووە؟ لە کۆی 168 کاتژمێری هەفتەیەک کە ڕەنگە 100 کاتژمێری بە ئاگابێت، تەنها ڤیدیۆیەکی کورتی دەبینن. کە کەمتر لە پێنج کاتژمێری دەگرێت. واتا کەمتر لە 10 لە 100 ی کاتەکەی. بۆیە ناتواندرێت لەسەر بنەمای ئەو ڤیدیۆیانە بگوترێت، ژیانی منداڵانەی  لێدزراوە

دووەم/ خاڵی دووەم لە دوو بەش پێکدێت

١- منداڵان خۆیان تێکەڵی کاری سیاسی دەبن، هەرچەند دایبابیان مەبەستیشیان نەبێت. لێکۆڵینەوەی دەرونناسی ئاماژە بەوە دەکەن. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیە زۆرینەی منداڵانی ئەمریکا لەنێوان 5-11 ساڵ دەزانن هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا ژن نەبووە. دەزانن ئۆباما یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە ڕەش پێست بێت. *لینک لە کۆمینت دادەنيم.

٢- هەندێک منداڵ، جیاوازن لە زۆرینەی ڕەهای منداڵان. توانایەکی دەرئاسایان هەیە، ستەمێکی گەورەیە بە بیانوی ئەوەی منداڵی خۆیان بژین، ڕێگرییان لێبکرێت بەشێوەیەک بژین بۆ ئەوان ئاساییە

لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو. منداڵێکی دەرئاسا، لە تەمەنێکی زۆر بچوک هەڵەی ڕێزمانی خەڵکی ڕاستدەکردەوە. لە نیو ساڵ چوو بۆ باخچەی ساوایان. لە پۆلی دووی سەرەتاییەوە یەکسەر چوو بۆ پۆلی هەشت. قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی تەنها بە 22 مانگ بڕی. لە تەمەنی 10 ساڵی چوو بۆ زانکۆ

ە Greg Smith ناوی ئەو منداڵە

لەبەرنامەی ئۆپرا، کە بچکۆلەیە و هێشتا تەمەنی 10 ساڵە، قسەی وا دەکات، هەموو پیاوێکی گەورە نایزانێت. خەمی دنیای کردۆتە کۆڵی. ئەوکات بەو تەمەنە بچوکەوە کە قوتابی زانکۆیە، دەیەوێتسێ دکتۆرا بخوێنێت. یەکێکیان ئەندازیاری بۆشایگەری و ئەوەی دیکەیان لە زیندەکیمیا و ئەوەی سێیەمیان لە ڕامیاری. هەرسێکیان ئامانجەکانی ڕوون دەکاتەوە. لەوەی سێیەم دەڵێت، دەمەوێت ببمە سەرۆکی ئەمریکا. ئۆپرا دەڵێت هیوادارم ئەوکات بمێنم هەتا بتوانم دەنگت پێبدەم. ناڵێت جارێ ماوتە باسی سیاسەت مەکە. ئەوە جیاوازیەکە کە هاندانی ئەوان و ڕێگری ئێمە

من پێموایە، ئەوە کاک نەریمان نییە ژیانی منداڵانەی نمای دزیوە. ئەوە سیستەم و کۆمەڵگایە، کە خەونی نمەیان دزیوە. کێ ناڵێت وەک گرێک نەیدەتوانی چەند قۆناغێکی قوتابخانە بپەڕێنێت ئەگەر لە ئەمریکا بووایە.

نوسینی : عومەر عەبدوڵا