ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، ژاڵە محەمەد
لەسەر رەخنەگرتن لە رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان، نەریمان سابیر باوکی نما دەستبەسەرکرا و نماش دەڵێت “تاوانی باوکم تەنیا راستی وتن و داکۆکیکردن لە مافەکانمانە و دەبێت بە زووترین کات ئازادبکرێت”.
نەریمان سابیر لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، “وەک ئەوەی من تاوانێکم کردبێت رێکخراوەکە سکاڵایان لەدژ تۆمارکردووم، بە مادەی ٢ی مۆبایل سکاڵایان لەدژ تۆمارکردووم، لەبەرئەوەی کەس لە فەیسبوک قسە نەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وتەی لێوەرگیراوە و لە ئێستادا راگیراوە و دەبرێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی رزگاری لە سلێمانی، دوایش نازانێت چی بەسەردێت.
هاوکات نما نەریمان سابیردەڵێت، لەسەر سکاڵای رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، پۆلیس باوکی دەستبەسەرکردووە و ئێستا لە زینداندایە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا نما باس لە دەستبەسەرکردنی باوکی دەکات و دەڵێت “تاوانی باوکم تەنیا راستی وتن و داکۆکیکردن لە مافەکانمانە و دەبێت بە زووترین کات ئازادبکرێت”.
ناوبراو دەشڵێت “ئەو رێکخراوەش با خەریکی شکاتکردن نەبێت و بچێت ئەو منداڵانە رزگار بکات کە لەسەر خۆڵ و خاشاک دەژین”.