نما نه‌ریمانی ته‌مه‌ن چوار ساڵان به‌قسه‌و ره‌خنه زۆره‌کانی له‌کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، خه‌ڵکێکی زۆری توشی شۆک کردووه، چونکه ژیربێژییهکهی له‌چاو ته‌مه‌نه‌که‌یدا جێی سه‌رسوڕمانه.
له‌هه‌رێمی کوردستان ره‌خنه‌گرتن له‌که‌موکوڕیی ئیداریی‌و که‌می خزمه‌تگوزاریی بووته شتێکی رۆتین‌و رۆژانه له‌هه‌موو شوێنێ باس هه‌ر باسی ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌یه که خه‌ڵک پێوه‌ی گیرۆده‌ن، به‌ڵام نما ئێستا به‌جۆرێک ئه‌و گلهییو گازاندانه ده‌کات که هۆگرێکی زۆری له‌خۆی کۆکردۆته‌وه. فه‌یسبووک باشترین مینبه‌ری نماو هه‌واداره‌کانیه‌تی.
سلێمانی پایته‌ختی خه‌ڵکانی ناڕازی هه‌رێمی کوردستانه، هه‌موو بڕیارێکی سیاسی ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره پێی رازی نه‌بێ، ئه‌سته‌مه به‌ئاسانی تێپهڕێو دووچاری کێشه‌و ئاسته‌نگ نه‌بێ. بۆیه ده‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی کارێکی دژوار نییه، به‌ڵام ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی تازه‌ی تێدا ده‌رکه‌وتووه که ره‌نگه له‌دنیادا نموونه‌ی نه‌بێ.
به‌رپرسانی ئه‌و هه‌رێمه شانسیان هه‌یه که ئێستا به‌شی زۆری ناڕه‌زاییه‌کان چووه‌ته ناو فهیسبووکو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئه‌گینا پێشتر به‌تایبه‌ت له‌سلێمانی ساڵانه چه‌ندین خۆپیشاندان‌و به‌ڕێوه‌بردنی که‌مپینی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه ده‌چوون بۆ نموونه ته‌نیا له‌ساڵی 2010و 2011 هه‌شت خۆپیشاندانی گه‌وره‌و زیاد له10 که‌مپینی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌چوون. به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه له‌ساڵی 2012و 2013 که‌م ده‌بێته‌وه بۆ ئاستێکی نزم که هیچ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر پرۆژه سیاسی‌و خزمه‌تگوزارییه‌کان نابێ.
په‌یجه‌كه‌ی نما له‌فه‌یسبووك به‌سێ هه‌فته بووه‌ته خاوه‌نی نزیكه‌ی ١٤٠ هه‌زار لایك، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌شی كۆمێنتی بۆ ده‌نوسن پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا یه‌ك ملیۆن لایك كۆبكاته‌وه، ره‌نگه نهێنییهكهشی ئه‌وه بێت كه نما بۆ خۆی چالاكه‌و هه‌فته نییه چه‌ند ڤیدیۆیه‌ك بڵاو نه‌كاته‌وه.
ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كان به‌شداری حكومه‌تیان كردووه‌و ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه بوونی نییه، به‌ڵام نما به‌ته‌نها دژی شه‌پۆله‌كه مه‌له دهكاتو لهڤیدیۆكانیدا باسی نه‌بوونی ئاو‌و كاره‌باو خزمهتگوزاریو پێشێلكردنی مافه‌كانی منداڵ ده‌كات، زۆربه‌ی ئه‌و قسانه‌شی مۆنتاژ ده‌كرێن له‌گه‌ڵ وته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێم كه پێشتر به‌ڵێنی باشكردنی خزمه‌تگوزارییان داوه.
باوکی نما که دوو کچی له نما گه‌وره‌تری هه‌یه ده‌ڵێ هه‌ر به‌سروشتی کچه‌که‌یان خاڵی جیاوازی زۆره له‌گه‌ڵ منداڵانی دیکه، چونکه لەتەمەنێکی زۆر که‌مدا زمانی گرت‌و فێری قسه‌کردن بوو. سه‌ره‌تای فێربوونی قسه‌کردنی بهچاتکردن بووه له‌گه‌ڵ پورێکی خۆی که ئێستا له‌ئه‌مریکا ده‌ژی، بۆیه زۆر به‌ئازایانه له‌به‌رده‌م کامێرادا دهوهستێو توانایه‌کی سه‌یری هه‌یه.
نه‌ریمان سابیر باوکی نما که به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵێکی ئاسمانییه به‌ناوی (جه‌ماوه‌ر) باسی ئه‌وه ده‌کات له‌و چاتانه‌ی که له‌گه‌ڵ پوری ده‌یکرد له‌ئه‌مریکاوه، نما هه‌ر به‌منداڵی که‌وته پرسیار کردن “بۆچی ده‌بێ منداڵانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده خۆش بژین‌و ئێمه وا نه‌بین؟!! خۆ له‌وێ کاره‌با نابڕێو ئاو هه‌یه ئه‌ی بۆ لای ئێمه ئاو‌و کاره‌با نییه؟” پرسیاره‌کانی ئه‌و کچه ژیره له‌وێوه درێژ ده‌بنه‌وه تا ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ماڵه‌وه‌یاندا نامێنێ‌و ده‌یهێنێته سه‌ر ئینتهرنێتو فه‌یسبووک.
نه‌ریمان بۆ “نیقاش” چیرۆکی یه‌که‌م رۆژی ده‌ستپێکردنی چالاکییه‌کانی نمای گێڕایه‌وه لهفهیسبووکو وتی “رۆژێکیان کاتێک نماو خوشکه‌کانی سەیری تی‌ڤیان کردووە کارەبا بڕاوە، زۆر دڵتەنگ بووە بۆیه بەخوشکە گەورەکەی ووتووە با ڤیدیۆیه‌ک تۆمار بکەینو داوای باشبوونی کارەبا بکەین! نماو خوشکه گه‌وره‌که‌ی به‌مۆبایل قسه‌کانی نما تۆمار دهکهنو داوایان لەدایکیان ده‌که‌ن لەفەیسبووک ڤیدیۆکه بڵاو بکاته‌وه. دایکیشیان به‌گوێیان ده‌کات ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی نما بوو له‌فه‌یسبووک.”
کاره‌کانی نما وه‌کو چۆن پێشوازیی زۆری لێده‌کرێ، هه‌روا دایک‌و باوکی توشی ره‌خنه هاتوون له‌لایه‌ن توێژه‌رانی کۆمهڵاتییو چالاکانی مه‌ده‌نییه‌وه که ده‌ڵێن نابێ ئه‌و منداڵه به‌کاربهێنرێ بۆ کاری سیاسی که له ئه‌سڵدا هی گه‌وره‌کانه.
له‌تیف حسێن توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌شاری سلێمانی ده‌ڵێ: “من دژی بهکارهێنانو بڵاوکردنه‌وه‌ی وته‌و ڤیدیۆکانی نمام، تێکه‌ڵکردنی دنیا جوانه‌که‌ی منداڵیی ئه‌و به‌دنیا ناشرینه‌که‌ی حزب‌و حکومه‌ت کارێکی هه‌ڵه‌یه. نابێ منداڵ بکرێته که‌ره‌سته‌ی میدیا‌و سۆشیال میدیا ئه‌گه‌ر له‌دنیای منداڵیی خۆی دووری بخاته‌وه.”
له‌هه‌رێمی کوردستان یاسایه‌کی تایبه‌ت هه‌یه بۆ رێکخستنی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندیی به‌ناوی “یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی خراپ به‌کارهێنانی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندیکردن ساڵی 2008) به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه نماو باوکی ناچنه ژێر باری یاساشکێنی، چونکه قسه‌و بۆچوونه‌کانی نما بێجگه له‌گله‌یی گشتی‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌که‌می خزمه‌تگوزاریی، ناچێ به‌لای ده‌ربڕینی بۆچوونی سیاسی‌و تانه‌وته‌شه‌ری شه‌خسیی.
باوکی نما ده‌ڵێ: “من بۆ خۆم ماوه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر پاراستنی مافه‌کانی منداڵان چالاکیم هه‌بووه‌و باش ده‌زانم به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی منداڵ چی تێدایه. بۆیه دڵنیام له‌وه‌ی نما کارێک ناکات که پێچه‌وانه‌ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی منداڵ بێ‌و بەدڵنیاییەوە بچوکترین کاریگەریی حزبیش لەسەر دەربرینەکانی ئه‌و نییە.”
ئێستا وا دیاره ته‌نیا نما بۆته پاڵه‌وانی ناو فه‌یسبووک، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌پشتی چالاکییه‌کانی نماوهیه خێزانێکی ته‌واون باوکی نما دەشڵێت “ئێستا من‌و هاوسەرەکەمو دوو کچەکەی دیکه‌م بەگشتی ڤیدیۆکان بۆ نما تۆمار دهکهینو کاری مۆنتاژو رێکخستنیش هه‌ر ئێمه پێکه‌وه ده‌یکه‌ین، بێجگه له‌خۆم دوو برام ئه‌دمینی په‌یجه‌که‌ی ئه‌وین هه‌موو کاره‌کانمان له‌ڕێی مۆبایلەوەیهو هەر بەمۆبایلیش مۆنتاژیان دەکەین. ئێستا ئیتر من حەزدەکەم نما زیاتر قسە لەسەر پەروەردە بکات، بەڵام دایکی دەڵێ لێی گهڕێبا قسەی دڵی خۆی بکات کە زۆر بێزارە لەنەبوونی خزمەتگوزارییەکان.”
باوکی نما جه‌خت ده‌کاته‌وه که ئه‌وان بەردەوام دەبن تا گەورە دەبێو ئه‌و کات بۆ خۆی ده‌بێته خاوه‌نی بڕیاری خۆی، بەڵام پەستانەکەی ئێستای لەسەر کەمدەکەنەوە، چونکە ئیتر کاتی ئه‌وه‌یه‌تی بچێتە باخچەی ساوایان.