ئاوێنه‌ / باوكی نما له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا

نه‌ریمان سابیر، باوكی نما له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.

ئاوێنه‌: شاگوڵ ره‌ئوف، دایكی نما، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ به‌ ئاوێنه‌ی راگه‌یاند “لەسەر ڕەخنەگرتن لەڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئێستا نەریمان دەستگیرکراوە و لە زیندانە.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ سكاڵاكه‌ی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ به‌رنامه‌یه‌كدا زۆر قسه‌ی نه‌شیاویان به‌رامبه‌ر به‌كارهێنا، نه‌ریمان وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ئه‌وانیس قسه‌كانیان قبوڵ نه‌كرد بۆیه‌ سكاڵایان تۆماركرد.

به‌پێی قسه‌ی شاگوڵ سكاڵاكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ماده‌ی 2ی یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌.

شاگوڵ ره‌ئوف ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ نه‌ریمان ئه‌زمونی 23 ساڵ كاری میدیایی هه‌یه‌و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌ و نابێت بە هیچ شێوەیەک لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی زیندانی بکرێت و داواشی كرد كه‌ به‌زوترین كات هاوسه‌ره‌كه‌ی ئازاد بكرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نما نه‌ریمان، كه‌ كچێكی بچوكی دانیشتوی شاری سلێمانییەو بە قسە‌ و رەخنەکانی لەنێو گرتە ڤیدیۆییەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردوە، له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌فه‌یسبوك له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ باوكی له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان به‌هۆی ره‌خنه‌گرتن له‌و رێكخراوه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

وتوشیه‌تی”تاوانی باوكم ته‌نیا وتنی راستی و داكۆكیكردنه‌ له‌مافه‌كانمان. نابێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ زیندانی بكرێت.”

نما نه‌ریمان داواشی كردوه‌ كه‌ به‌زوترین كات باوكی ئازاد بكرێت.

https://www.awene.com/2018/11/25/109382/