وشه‌ / باوكی نما نه‌ریمان گیرا

نه‌ریمان سابیر كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستانیشه‌، له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان گیرا.
به‌ختیار كه‌ریم گوته‌بێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ “وشه‌”ی راگه‌یاند: له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، ئه‌مڕۆ نه‌ریمان سابیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌یان گیراوه‌، هۆكاره‌كه‌یشی ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ نمای كچییه‌وه‌ هه‌یه‌.
گوتی “نه‌ریمان وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبمانه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانیشه‌، بۆیه‌ سه‌ندیكا پارێزه‌ریان بۆی گرتووه‌ و ئێمه‌ش به‌ دوای دۆسیه‌كه‌وه‌ین”.
هۆكاری سكاڵاكه‌ی سه‌ر نه‌ریمان ره‌خنه‌گرتن بووه‌ له‌و رێكخراوه‌ له‌ ڕێی نمای كچیه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌پێی ماده‌ی دووی مۆبایل سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كردووه‌.
نه‌ریمان سابیر باوكی نمایه‌، ئه‌و كچه‌ی له‌ رێی تۆماره‌ ڤیدیۆیه‌كانه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ به‌رپرسان ده‌گرێت، له‌ دوایین ره‌خنه‌شیدا رووی ده‌می ده‌كاته‌ رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و ده‌ڵێت بابڕۆن له‌ بری گرتنی باوكم ئاگایان له‌ منداڵه‌كانی سه‌رشه‌قام بێت.